(GPS) جی پی ئێس چیە ؟ بۆچی بەكاردێت ؟

یەكێک لەو خزمەتگوزاریانەی كەئێستا لای زۆربەمان نوێیەو بەشێوەیەكی بڵاو پاش گەشەكردنی سمارت فۆنەكان دەكەوێتە بەرچاومان تەكنەلۆژیایی (GPS) كە لە ڕاستیدا بارێكی گرانی لەسەر مرۆڤایەتی سوک كرد و بووە فریاد ڕەسێك لەجیهانی تەكنەلۆژیای نوێدا جوگرافیای زەوی بە تەواوی پێ ناساندین و بووە هاوڕێ و هاودەمێكی نوێ بۆمان و بەجۆرێك توانرا لە ڕێگای ئەم تەكنەلۆژیاوە جیگای خۆمان لەهەر شوێنێكدا بین لەسەر زەویدا بدۆزینەوە .
جی پی ئێس تەكنەلۆژیایەكی ئێجگار بەتوانایە و بیرۆكەی كارەكە بۆ ڕێ نیشاندان و چاوساغی كردنی مرۆڤە لە پێ هەڵگرتنیدا كاتێک دەیەوێت لە شوێنێك بچێتە شوێنێكی تر سەرباری كارئاسانی كردن لە بواری شوێن پی هەڵگرتن و دۆزینەوەی هەر ڕوبەرێكی جوگرافی كە مەبەستمان بێت لە هەر شوێنێكی ئەم زەویەدا كە لەهەندێک ئامێری پێشكەوتوی جی پی ئێسدا یەكەی پێوانە تێیدا لە یەك (سم) وە دەست پێدەكات واتا توانای شوێن نیشان دان بەشێوازێكی ئێجگار وردە بەتایبەتی ئامێرە سەربازیەکان کەلەسەر فریکوقێنسی تایبەت کاردەکات و لەهەندێ جۆری تریاندا ئەم پێوانەیە مەترێكە لە هەندێكی جۆری تریاندا چوار مەترە ، لە ئێستادا بەتەواوی لە ئامێرە گەڕۆكەكانی وەك ئۆتۆمبیل و فرۆكەو هۆكارەكانی تری گواستنەوەدا جێگیر دەكرێت بە مەبەستی دەست نیشانكردنی وردترین ئاراستەی ڕێگایە .
سەرەتای بنیات نانی ئەم تەكنەلۆژیایە بەمەبەستی سەربازی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا لە لایەن سوپای بەریتانیاوە دروست لە ساڵی (1940) بە پشت بەستن بەشەپۆلی ڕادیۆیی لە ناو دەریادا كە ڕوبەرەكەی قۆقزیەو نەدەكرا شوینی دوژمن دیاری بكرێت بەكارهێنراوە لە هەندێک باردا كاركردن لەسەر شوێن دیاریكردنی ژێر ئاوگەڕ بوو ئەم كارەش تەنها لە ڕوبەڕێكی دیاریكراودا بەئەنجام دەگەیەنرا و هەر لە زەویەوە شەپۆلەكان دەنێرراو وەردەگیرایەوە ، بەڵام لە ئێستادا تەكنیكی جی پی ئێس بە دوو شێوە سودی لێوەر دەگیرێت كە یەكەمیان بۆ مەبەستی شوێن دیاریكردن لە ئامێرە دەستیەكانەوە بەمەبەستی خزمەتگوزاریەكی گشتی بۆ هەموو كەس دابینكراوە ، دووەمیش مەبەستێكی سەربازیەو لە لایەن ئەمریكاوە بە تەرەدودێكی جیاواز كار لەسەر شوێن زانین دەكات و تەنها لای سوپای ئەمریكا ئەم خزمەتگوزرایە بەردەستە .
(GPS) كورتكراوەی هەرسێ ووشەی (Global Positioning System) لە ئێستادا خاوەندارێتی ئەم پرۆژەیە ئەمریكایە چونكە زانای گەورەی فیزیایی (Friedwardt Winterberg) كە بەڕەگەز ئەڵمانیە پێشنیاری خستنە گەڕی كارەكەی لە ئەمریكادا كردوە و مێژوی بیرۆكەكەش دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1956 بەهۆی شەپۆلی مایكرۆ وەیڤەوە (Microwave) بە لەرەلەرێكی بەرز بناغەی كارەكەی داڕێژراوە ، بۆ جێ بەجێكردنی ئەم پرۆژەیە وا پێویست دەكرا لە ئاسمانەوە چاودێری ڕووبەرێک لە جوگرافیای زەوی بكرێت هەتا بتوانرێت زانیاری دەربارەی ئەو ڕووبەرە كۆبكرێتەوە ئەم كارەش ئەگەر بەهەمیشەیی بێت كەوایە پێویست بوو مانگی دەستكرد كارەكەی بگەیەنێت بە ئەنجام .
لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە شوین پێ هەڵگرتن و چاودێریكردنی لە سیستەمەكەدا پێویست بە بوونی مانگی دەستكرد هەیە بێگومان هەتا ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكان ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی سەربازی بوو تەنها بە دوو مانگی دەستكرد كار لەسەر شوێن زانین كراوە لەم تەكنیكەدا ، بەڵام لە دوای ئەم ڕێكەوتەوە كەوتە بواری خزمەتی تاكەكانی كۆمەڵگاوە بەتایبەتی كاتێك توانرا تۆرێكی جیهانی لە مانگی دەستكرد بنیات بنێن ، سوود وەرگرتن لەم تەكنیكە لە ڕاستیدا پێویست بە ئامیرێك دەكات كە ئەو لەرەلەرە بدۆزیتەوە كە مانگە دەستكردەكەی لەسەر جێگیركراوە هەربۆیە ناكرێت بێ بوونی ئامیرێكی تایبەت ئەم خزمەتگوزاریە بەكاربهێنرێت، لە ئێستادا ئامێرەكان جۆراو جۆرن و تەنانەت هەندێک ئامێر هێندە ڕوبەرەكەی بچووک بوەتەوە كە لە رێگای دەستیەوە دەست نیشانی ڕوبەرەكان دەكرێت و بە ئاسانی مامەڵەشی لەگەڵدا دەكرێت دیارە من مەبەستم ئامێرە ئاساییەكانە نەك سەربازیەكان .
ڕووبەری كاری جی پی ئیس :
تەكنیكی كارەكەی جی پی ئێس لە ئێستادا گشتگیرە بە واتایەكی تر هەموو ڕوبەری زەوی پێكەوە بەستوەتەوە چونكە لە ساڵی 1990 وە هەتا ساڵی 2007 توانرا بیست و چوار مانگی ئاسمانی لە خولگەی جیاواز و بە ئاراستەی جیاواز لە دەوری زەوی جێگیر بكەن بەمەبەستی خستنەگەڕی لە هەردوو بوارەكەدا كە پێشتر ئاماژەم پێدا ئەم مانگە دەستكرانەش لە سەر دوو فریكوێنسی جیاواز كار دەكەن و خۆشیان پێكەوە گرێ دراون لەسەر هەمان فریكوێنسی، جی پی ئێس بەهۆی (24) سەتەلایتەوە فەراهم كراوە كە بەردەوام سێ گۆشەیەک بۆ ڕووبەرێک دروست دەكەن ئەم كارەش بە واتای ئەوە دێت كە كار لەسەر پۆینتێكی سێ خاڵی دەكات هەتا بتوانرێت بە وردی لە سێ گۆشەی جیاوازەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووبەرەدا بكات كە دەتەویت دەست نیشانی بكەیت ، ئامیری بەكاربردنی جی پی ئێس پشت بە هیج هێڵێكی ئۆنلاین هاوشێوە (GPRS) نابەستێت و بەهەمیشەیی لە كاردایە بە هیچ جۆرێک گۆڕانی كەش و هەوا یان هەر تێكچونێک لە لە سروشتی زەویدا كار ناكاتە سەر كارەكەی، بەتایبەتی شەو ڕۆژ و هاتنی بەدوای یەكدا هیچ مانایەكی نیە لە جی پی ئێسدا و هیچ كاریگەریەكی نیە .
وەك پێشتر باسم كرد كاری ئەم تەكنیكە لە لەرەلەرێكی دیاریكراودایە و هەموو سەتەلایتەكان لەسەر ئەو لەرەلەرە كار دەكەن و چ وەرگرتن و چ ناردن هیچ گۆڕانكاریەک نیە لە لەرەلەری نێوان سەتەلایتەكاندا، بێگومان بەشێوەیەكی بەرچاو لەرە لەرەكە ئێجگار بەرزە هەتا هیچ لە دەست دانێك ڕونەدات لە كاتی ناردن و وەرگرتنی داتاكاندا و سەرباری دوری نێوان مانگە دەستكردەكان كە بۆ ئەوەی بە مسۆگەری داتاكان بگات پشت بەو فریكوێنسیە بەرزە دەبەستن .
چۆن سوود لە خزمەتگوزاری (GPS) وەردەگیرێت ؟
پێش هەموو شتێک دەبێت ئێمە ئەوە بزانین كە خزمەتگوزاریەكە بێ بەرانبەرە تەنها بەهۆی بوونی ئامێرێكەوە دەتوانین دەستمان بە خزمەتگوزاریەكە بگات، ئەگەر باسی جۆری ئامێرەكان بكەم ئەوا كاتێكی زۆرمان دەوێت بەڵام ئەوەی ئێستا زۆر لە پێش چاوماندایە سمارت فۆنەكانە كە خۆی لە بنەڕەتدا نەخشەیەكی تێدا جێگیركراوەو بە خستنە كاری خزمەتگوزاریەكە جێگات لەسەر نەخشەكە بە دیار دەخات، لەڕاستیدا بۆ ئەوەی بتوانرێت لە سمارت فۆنەكانەوە بە تەواوی ئەم خزمەتگوزاریە بەكاربهێنرێت وا پێویست دەكات نەرمەواڵە بەكاربهێنرێت كە بە هەمیشەیی نوێ دەكرێنەوەو ڕوداو و شوێنە گرنگەكان و ڕێگا نوێیەكان لەسەر نەخشەكە دەست نیشان دەكرێت چونكە جی پی ئێس تەنها شوێن پیشان دەدات نازانێت ئەو شوێنە چی تێدایەو چۆنە بەڵام دەكرێت ڕوی ئاسۆیی تێدا دەست نیشان بكرێت
ئەگەر ئامێری تایبەت بە جی پی ئێس كە چەندین شێوەو ڕوبەری هەیە باس بكەین ئەوا دەتوانین بڵێین چەندین ئامێر بە قەبارەی جیاواز و بە تایبەتمەندی جیاواز ئێستا بەردەستن تەنانەت هەندێكیان قەبارەیان نزیک دەبێتەوە لە سمارت فۆنێک و هەندێكیشیان كە خاوەنی توانای بەرزن قەبارەیان گەورەیەو كەسێك خۆی تەرخان دەكات بۆ هەڵگرتن و گەڕان بە ڕوبەرەكەدا هەتا شوێنە جوگرافیەكە دەست نیشان دەكات، لە ناو ئامێرەكەشدا كە سكرینێک هەیە بەشێوەی هێڵ ڕوبەرەكان لەیەك جیا دەكاتەوە، هەندێک جار لە ناو ئەم ئامێرانەدا نەخشەیەک جێگیر دەكرێت كە بۆ جارەكانی داهاتوو پشت بەو نەخشەیە دەبەسرێت لە دەست نیشانكردنی ڕوبەرەكەدا، یاخود دەتوانرێت ڕاستەوخۆ ئەو ڕوبەرانەی كە جیا دەكرێتەوە بەهۆی ئامێرەكەوە بخرێتە سەر نەخشەكە ئەم كارەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو فریكوێنسیەوە كە كار لەسەر دەست نیشانكردنی شوێنەكە دەكات كورتەی كارەكەی لە چوار خاڵدا باس دەكەم :
یەكەم : ڕێگا خۆشكردن بۆ زانینی ئاراستەی گەشتەكانی ئاسمان و زەوی و دەریاكان ( كەشتی و فرۆكە و ئۆتۆمبیل )
دووەم : بەكارهێنانی كەسی لە گەڕان بە پێ و لە ڕوبەرە جیاوازەكانی وەك دەشت و چیاو دارستان و تەنانەت پاركەكانیشدا .
سێیەم : رێگا پیشاندانی شۆفێرێک بۆ گەشتن بەخاڵێكی دیاری كراو كە لەسەر نەخشەكە دەست نیشانی كردوە (تەكسی درایڤەرەكان لە ولاتە پیشكەوتوەكاندا پست بەم تەكنیكە دەبەستن لە شوێن پیشاندان و دۆزینەوەی ناوچەیەكی دیاریكراودا).
چوارەم : چاودێریكردنی ڕووبەرە وشكاوەكیەكانی و زەوی و ئاگاداربوون لە جوڵەی قاڕەكان نزیک بونەوە یان دور كەوتنەوە لەیەكتری .
هەندێک كەس تا ئێستاش پی ی وایە خزمەتگوزاری جی پی ئێس هاوشێوەی هەندێک خزمەتگوزاری ترە بۆ نمونە وەک جی پی ئاڕ ئێس ! بۆیە لێرەدا دەڵێم لە ڕاستیدا زۆر جیاوازن لە یەک و هیچیان كاری ئەوی تریان بەری ناكات بەڵكو هەر یەكەیان بەمەبەستێک كاردەكەن و توانای خۆیان لە بوارێكی دیاریكراودا بەگەڕ دەخەن هەربۆیە لێرەدا پێم باش بوو كە بە كورتی و بە چەند خاڵێک جیاوازی نێوان (GPS) و (GPRS) باس بكەم هەتا ڕون بێت كە كاری ئەم دووانە چیە ؟
1- لە خزمەتگوزاری (GPS) دا ئێمە شوێن دەست نیشان دەكەین  و پشت دەبەستین بە تەكنیكێک كە لەئاسمانەوە بەهۆی مانگە دەستكردەكانەوە دابین كراوە ، بەڵام لە (GPRS) ئێمە مامەڵە لەگەڵ داتا و زانیاری دیجیتاڵیدا دەكەین وهەر لە زەویەوە تۆرەكەمان پیدەگات .
2- لە خزمەتگوزاری (GPS) شوێنی خۆمان دەست نیشان دەكەین لەگەڵ ڕووبەری دەوروبەرمان و یان لەهەندێک باری بەكارهێناندا شوێنێكی پێ دەدۆزینەوە ، بەڵام لە (GPRS) دا ئێمە مامەڵە لەگەڵ خزمەتگوزاریەكانی ئینتەرنێتدا دەكەین وەک بەكارهێنانی پراوسەرەكان و ئامرازەكانی ئیمێڵ و بەرهەمە ماڵتی میدیاییەكان … هتد .
3- تەكنەلۆژیای (GPS) بۆ جێبەجێكردنی كارەكەی پشت بە ژمارەیەک مانگی دەستكرد دەبەستێت كە پێكەوە گرێدراون لە شیوەی تۆڕیكدا بە دەوری زەویدا دەجوڵێن ، بەڵام لە تەكنەلۆژیای (GPRS) تەنها بەیەک خاڵەوە پەیوەستین كە هێڵێكی ئۆنلاینە و لە ڕێگای (ISP) وەرمان گرتوەكە لەوانەیە تەنها بورجێكی گەیاندن بێت لە بەرزاییەكدا .
4- لە خزمەتگوزاری (GPS) دا بۆ دەست نیشانكردنی هەر ڕوبەرێك پێویستمان بە سێ سەرچاوە هەیە واتا سێ خاڵ كە لە ڕێگای مانگە دەستكردەكانەوە بۆمان دەست نیشان دەكرێت هیچ سنورێک نیە لە كارەكەیدا هەموو شوێنێک لەسەر زەوی ئەم تەكینیكەی تێدا كارایە ، بەڵام لە (GPRS) تەنها ڕووبەڕێک دەگرێتەوەو بە پی ی توانای ئەو كۆمپانیایەی هێڵەكەی دابین كردوە دەتوانین كاری تێدا بكەین و هەندێك جار لە شارێک تێناپەڕێت رووبەری كارەكەی .

سەرچاوە : ئەندرۆکورد

Leave a comment

Your email address will not be published.